لە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە،٦ی پووشپەڕەوە تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی بە خەستی دەستیان بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردوە.
بیانووی دەستدرێژیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستانو تۆپبارانکردنی ناوچەی سیدەکانو باشووری کوردستان، بوونی هێزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانو حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانە.
ئەو تۆپبارانە کە لە ئێستادا زۆرتر لەسەر ناوچەکانی بێرکمەو بەربەزین لە شارەدێی سیدەكانی سەر بە شارۆچكەی سۆران چر بۆتەوە، زیانی گیانیو ماڵیی زۆری لە خەڵکی ناوچەکە داوە، هەروەها بۆتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرو ڕووبەرێکی زۆر لە مێرگو لەوەڕگەکانی هەرێمی کوردستانی سوتاندوە.
دوکتور کەنعان کانەبی، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان لەو پێوەندییەدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە کە لە ڕەوتی ئەو پەلامارانەدا ٣ منداڵو ژنو پیاوێک كە ئەندامی ٣ بنەماڵەن، برینداربوون.
ناوچەکانی دۆڵی ئاڵانە، رەش هەرمیان و کونەڕێ لە ناوچەی حاجی ئۆمەران چەند خاڵێکی دیکەن کە بە خەستی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تۆپباران دەکرێن.