ئەفشین سۆهراب زادە، زیندانیی سیاسیی کوردی توشبوو بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کە بۆ زیندانی شاری میناب دوور خراوەتەوە، دوای ئەوەی مەترسیی مردن لەسەری زۆر بوو، ٢٠ ڕۆژی مەرەخەسیی دەرمانی پێدرا.
بنەماڵەی ئەفشین سۆهرابزادە پێشتر ١٠٠ میلیۆن تمەنیان بارمتە لە دادگا بۆ ئەو مەبەستە دانابوو، بەڵام داواکاری گشتیی شاری میناب داوای ٩٠ میلیۆن تمەنی دیکەی کردبوو کە دوای ئەوەی بنەماڵەی ئەفشین توانییان ئەو بارمتەیە دابین بکەن، بە بڕیاری داواکاری گشتی ماوەی ٢٠ ڕۆژ مەرەخەسیی دەرمانی بە ئەفشین درا تا لە دەرەوەی زیندان لە هەوڵی چارەسەری پزیشکیی نەخۆشییەکەی دابێ.
جێی بیرهێنانەوەیە کە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا ئەفشین سۆهرابزادە، زیندانیی سیاسیی کورد بەهۆی پەرەسەندنی نەخۆشییەکەی چەند جارێک بەرێی ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندان کرا، بەڵام هەموو جاری بێ چارەسەری سەرەکی دەیانبردەوە زیندان.
ئەفشین سۆهرابزادە،خەڵکی کرماشان لە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیارانەوە دەستبەسەر کراو لە لقی دووی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمهتی موحارەبە له ڕێگهی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی نەیاری حکوومەت سزای ٢٥ ساڵ زیندانو دوورخرانەوەی بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا.
ناوبراو له سەرەتای رەشەمەی ساڵی ١٣٩٠ لە زیندانی ناوەندیی سنەڕا بۆ زیندانی میناب دور خرایهوه.