ئەیووب ئەسەدی زیندانیی سیاسیی کورد کە نەخۆشەو بۆ زیندانی كاشمەر دوور خراوەتەوە، بیست ڕۆژە مانی لە خواردن گرتوە، بەڵام هێشتا وەڵامی داواکانی نەدراوەتەوە.
ئەیووب ئەسەدی کە لە زیندان تووشی نەخۆشییەكانی ئاسم، دیسكی كەمەر و نەخۆشیی ڕیخۆڵە هاتووە، بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بە چارەسەر نەكرانی نەخۆشییەكانیو، پێ نەدرانی مەرەخەسی و سەپاندنی حوكمی ناعادڵانەی ٢٠ ساڵ زیندان، لە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانەوە مانی لە خواردن گرتوە.
بەردەوامیی ئەیووب ئەسەدی لە مانگرتنەکەی لە حاڵێك دایە كە بنەماڵەی ناوبراو هیچ هەواڵێكیان لە بابەت تەندرووستیی ئەو لە بەر دەستدا نییە و بە هۆی دووریی شوێنی بەندکرانی ئەییوب لە شوێنی نیشتەجێ بوونیان تا ئێستا نەیانتوانیوە بچنە زیندانی كاشمەرو سەردانی بكەن. لە لایەكی دیكەوە ماوەیەكی ئەم زیندانییە لە زیندانیشڕا نەیتوانیوە پێوەندیی بە بنەماڵەكەیەوە بكاو ئەوەش بۆتە هۆی نیگەرانیی زیاتری بنەماڵەی ئەم گیراوە سیاسییە.
ئەیووب ئەسەدی كە ئێستا پێنجەمین ساڵی حوكمەكەی لە زیندانی كاشمەردا تێپەڕ دەكا، ساڵی ١٣٩٠ لە یەكێك لە ئاواییەكانی سنە گیراو دواتر بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی دادگایی کرا.
لقی ١ی دادگای ئینقلاب لە شاری سنە حوكمی ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی كاشمەری بەسەردا سەپاندوە. ئەیووب ئەسەدی ماوەیەك لە زیندانی سنە بەند كراو پاشان ڕاپێچی بەندیخانەی كاشمەر کرا كرد.