نیگەرانیی بانكە ئورووپاییەكان بەهۆی ئەم گەمارۆیانەی كە تا ئێستاش لەسەر كۆماری ئیسلامیی ئێران ماون، بۆتە هۆی ئەوەی كە ئاستی هەناردەكانی شیركەتە ئاڵمانیو ئۆتریشییەكان بۆ ئێران هیچ گەشەیەك بە خۆیەوە نەبینێ. یەكیەتیی ماشێن سازانی ئاڵمان ڕایگەیاندوە تا ئێستاش دەستی بە سەودای جیددی لەگەڵ ئێران نەكردوە.
یەكیەتیی ماشێن سازانی ئاڵمان ڕایگەیاندوە كە ئەم وڵاتە هەر وەك پێشوو خۆی لە پێوەندیی بازرگانیی جیددی لەگەڵ ئێران بە دوور ڕادەگرێ. ئەم یەكیەتییە گرینگترین كێشەی پێوەندیی لەگەڵ ئێرانی بۆ نەبوونی پێوەندیی بانكی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی دەگەڕێنێتەوە.
لە لایەكی دیكەشەوە شیركەتی نەوت و گازی “OMV” ی ئۆتریش ڕایگەیاندووە مەرجی سەرمایەدانانی ئەم شیركەتە لە ئێران نەمانی نیگەرانیی بنیاتە ماڵییەكانە.
بانكە ئورووپاییەكانی پێیان وایە پێشێلكردنی گەمارۆكانی ئامریكا ڕیسكێكی یەكجار گەورەیە. بەپێی ڕاپۆرتی بلۆمبێرگ، وەزیرانی داراییو كاربەدەستانی یەكیەتیی ئورووپا داوایان لە ئامریكا كردوە لە بابەت پارێزراو بوونیان لە گەمارۆكانی سەر ئێران گەرەنتییان بدەنێ، بەڵام كاربەدەستانی ئامریكا لەم بارەوە جگە لە بەیاننامەو قسەو باسە ڕەسمییەكانیان، هیچی دیکە نەهاتوونەتە پێشێ.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لانی كەم ٥ بانكی ئورووپایی بە تاوانی پێشێلكردنی گەمارۆكان بە هۆی مامەڵەو سەودا لەگەڵ ئێران بە بژاردنی چەند میلیارد دۆلار سزای ماڵی مەحكووم كران. یەكێك لە قورسترین سزاكانیش سزای سەر بانكی فەرانسەوی “بی ئێن پی پاریبا” بوو. ئەم بانكە بەهۆی پێشێلكردنی گەمارۆكانی ئامریكا بەدژی وڵاتانی ئێران، كووبا و سوودان لە ساڵی ٢٠١٤ دا بە بژاردنی ٩ میلیارد دۆلار مەحكووم كرا.