ئاکامی ڕاپرسییەکەی بریتانیا بۆ هاتنەدەرێی ئەو وڵاتە لە یەکیەتیی ئورووپا دەری خست کە نیزیک سەدی ٥٢ ی خەڵکی ئەو وڵاتە لایەنگری ئەو بڕیارەن. بەڵام ئاکامی ئەو ڕاپرسییە کۆمەڵە کاردانەوەیەکی لێ کەوتەوە.
هەر لە بریتانیا، چەند سەعاتێک دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی لایەنگرانی جیابوونەوەی بریتانیا لە یەکیەتیی ئورووپا، دەیوید کامیرۆن، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەستی لە کار کێشایەوە. ئەو گوتی بریتانیا پێویستیی بە رێبەڕییەکی نوێ هەیە.
بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپاش داوایان لە بریتانیا کردوە تا هەرچی زووە وتووێژەکان بۆ چوونەدەرێ لە یەکیەتیی ئورووپا دەست پێبکا، بۆ ئەوەی بەر بە زیانو خەسارەکانی قۆناغەکانی ئەو بلاتەکلیفییە بگیردرێ.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە وتەبێژی بانکیمون، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند کە بانکیمون هیوادارە دوای ئەو لەوە بەدواش نەخشی گرینگی خۆی لە هاوکێشەکانی دنیادا بگێڕێ.
ئانگێلا مێرکێل، سەدریئەعزەمی ئاڵمان بەداخبوونی خۆی لەو بڕیارە ڕاگەیاند و گوتی ئەوە زەبرێک بوو کە لە یەکپارچەیی ئورووپا درا.
ماتێئۆ ڕێنزی، سەرۆک وەزیرانی ئیالیاش گوتی یەکیەتیی ئورووپا وۆک ماڵێک وایە کە پێویستیی بە نۆژەنکردنەوە هەبێ.
لەلایەکی دیکەوە خۆزە مانۆئێل گارسیا، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا دوای ئاشکرابوونی ئاکامی ڕاپرسییەکەی بریتانیا گوتی، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ چوونەدەرێی بریتانیا لە یەکیەتیی ئورووپا، هەموو ڕێککەوتنەکانی ئەو وڵاتەو یەکیەتیی ئورووپاو، یەک لەوان ” جەبەلولتاریق” هەڵدەوەشێتەوە، ئیسپانیا سەرلەنوێ داوای خاوەنێتیی هاوبەشی ئەو دوڕگەیە دەکا.
باڕاک ئۆباما، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش کە لایەنگری مانەوەی بریتانیا لە نێو یەکیەتیی ئورووپادا بوو، لە کاردانەوە بە ئاکامی ئەو ڕاپرسییە گوتی کە ڕێز لە بڕیاری خەڵکی بریتانیا بۆ چوونەدەرێ لە یەکیەتیی ئورووپا دەگرێ، لەگەڵ ئەوەشدا بریتانیاو یەکیەتیی ئورووپا وەک جاران هاوپەیمانی ئەمریکا دەمێننەوە.
ویلادیمیر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیەش گوتی وڵاتەکەی هەوڵ دەدا کاریگەرییە سەلبییەکانی ئەو ڕووداوە لەسەر ئابووریی بریتانیا کەم بکاتەوە.
مەسعود جەزایری، جێگری ستادی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیش لەو پێوەندییەدا ئیدیعای کرد کە بڕیاری هاتنەدەرێی خەڵکی بریتانیا لە یەکیەتیی ئورووپا “نا گوتن”ی ئەو وڵاتە بە گوێرایەڵیی دەوڵەتەکەیان لەبەرامبەر هەژمۆنیی ئەمریکادا بووە.