ئاگرکه‌وتنه‌وه له مه‌زراکانی شائاباد سه‌دان هێکتار گه‌نمی جوتیارانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی سووتاند.
به‌پێی ڕاپۆرتی په‌یامنێری کوردستان‌و کورد دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی پێنجشه‌ممه، ٣ی پووشپه‌ڕ مه‌زارو مووچه‌ی خه‌ڵکێکی زۆر له گونده‌کانی “قه‌ڵای هه‌ره‌سه‌م” ، ” چوارده جفته” و ” سه‌راو” له شائابادی کرماشان ئاگریان تێبه‌ربووه‌و زه‌ره‌ر و زیانێکی زۆر به خه‌ڵکی جوتیاری ناوچه‌که گه‌یشتوه.
سه‌رچاوه نێوخۆییه‌کان ده‌ڵێن له‌و سووتمانه گه‌وره‌یه‌دا نیزیک به ٧٠٠ هێکتار گه‌نم‌و مه‌زرای خه‌ڵکی ئه‌و چه‌ند ئاواییه بوونه خه‌ڵووز، به‌ڵام سه‌رچاوه ڕه‌سمییه‌کانی ده‌وڵه‌ت ده‌ڵێن ته‌نیا ٥٠٠ هێکتار گه‌نمی خه‌ڵک سووتاوه.
فه‌رمانداری شاری شائاباد وێڕای داننان به سووتانی ٥٠٠ هێکتار گه‌نمی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌ڵێ بڕی زیانی ئابووریی ئه‌و سووتمانه ٣ میلیارد تمه‌ن بووه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌کانی نیزیک له خه‌ڵک ده‌ڵێن زیاتر له ٥ میلیارد تمه‌ن زیان به خاوه‌نی ئه‌و زه‌وی‌و زارانه گه‌یشتووه.
شایانی باسه ئه‌و ئاگره‌ش زیاتر به هیممه‌تی خه‌ڵکه‌که بۆ خۆیان کوژاوه‌ته‌وه‌و له‌لایه‌ن ناوه‌نده به‌رپرسیاره‌کانه‌وه هه‌وڵێکی ئه‌وتۆ بۆ کوژاندنه‌وه‌ی نه‌دراوه، له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ئاگره‌که‌ش خه‌ڵک داوای هه‌ستانی هێلیکۆپته‌ری ئاگرکوژێنه‌وه‌یان کردوه، به‌ڵام ئه‌و داوایه‌شیان بێ وه‌ڵام ماوه‌ته‌وه.