له شاره‌کانی ئیلام، پاوه، سونقور، که‌ره‌ج، کرماشان‌و مه‌ریوان زنجیره خۆپێشاندانێکی کرێکاران بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین بە بارودۆخی ماف‌و ژیانیان بەرێوەچوو.
ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕێکه‌وتی 2ی پووشپه‌ڕ کۆمه‌ڵێک له کرێکارانی شیرکه‌تی جیهادی جووتیاریی ئیلام بۆ ناڕه‌زایه‌تی دەربڕین بە پێنه‌درانی مووچه‌ی ٣ مانگی ئەمساڵیان له به‌رده‌م ئه‌م ئیداره‌یه، له شه‌قامی حه‌یده‌ری کۆ بوونه‌وه‌و داوای مووچه‌ی دواکه‌وتووی خۆیان کرد.
هه‌ر هه‌مان ڕۆژ کۆمه‌ڵێک له خانه‌نشین‌کراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئیلام له به‌رده‌م ئه‌م ڕێکخراوهیە له بڵواری موده‌ریس خۆپێشاندانێکیان وه‌ڕێ خست‌و داوای مافه‌کانی خۆیان کرد.
له لایه‌کی دیکه له کرماشانیش کۆمه‌ڵێک له‌م که‌سانه‌ی که نه‌خۆشیی سییه‌و هەناسەدانیان هه‌یه‌و، به هۆی پیسبوونی هه‌واو خۆڵبارین تووشی کێشه‌ی هه‌ناسه‌دان هاتوون، کاتێک که له لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌ی سه‌جادی ئه‌م شاره‌وه وەڵامی داواکانیان نه‌درایه‌وه، بۆ ناره‌زایه‌تیی ده‌ربڕین بە ئه‌م بارودۆخه ناله‌باره‌ی ژیانیان کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان وه‌ڕێ خست.
ئه‌م خۆپێشانده‌ره نه‌خۆشانه ده‌یانگوت هیچ جێگه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری خۆیان شک نابه‌ن چونکی ئه‌م شاره تاقه نه‌خۆشخانه‌یه‌کی هه‌یه، ئه‌ویش پڕه له نه‌خۆش و جێگه‌ی که‌سی دیکه نابێته‌وه.
هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک له پێرسۆنێل‌و کریکاره‌کانی شاره‌داریی کرماشانیش که ماوه‌ی ٣ تا ٦ مانگه مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتوه، له به‌رده‌م شاره‌داریی ناوه‌ندیی کرماشان له مه‌یدانی غه‌دیر کۆ بوونه‌وه‌و خوازیاری وه‌رگرتنی مووچه‌ی دواکه‌وتووی خۆیان بوون.
له شاری سونقوریش کۆمه‌ڵێک له خەڵکی ئەو شارە وێڕای بنه‌ماڵه‌کانیان، بۆ ده‌ربڕینی تووڕه‌یی‌و بێزارییان سه‌باره‌ت به کوشتنی کچێکی ٦ ساڵان به ناوی “حه‌نانه غه‌یاسی” و نه‌بوونی ئه‌منیه‌ت له ئاستی شاردا له به‌ر ده‌رگای دادگوسته‌ریی رێژیم کۆ بوونه‌وه‌و داوای ده‌سته‌به‌رکرانی ئه‌منیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و سزادانی بکووژی ئه‌م مناڵه بێ تاوانه‌یان کرد.
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌سته‌یه‌ک له پێرسۆنێلی گرێبه‌ستی ئیداره‌ی ئاو و زێڕاوی شاری پاوه‌ش بۆ ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕین له هه‌مبه‌ر پێ نه‌درانی مووچه‌و حه‌قده‌ستی ٣ مانگه‌ی به‌هاری خۆیان له شوێنی ئه‌م ئیداره‌یه، له شه‌قامی ئیمام محه‌ممه‌د غه‌زالی به‌رامبه‌ر به شاره‌داری کۆ بوونه‌وه‌و خوایاری چارسه‌ر کرانی کێشه‌و گرفته‌کانیان بوون.