لە حاڵێکدا ڕۆژانە نیزیک بە ٢٠ کەس لە پارێزگای ورمێ بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ دەمرن یان بریندار دەبن، کاربەدەستانی ڕەسمیی پارێزگا دەڵێن چاککردنو نەهێشتنی شوێنە رووداوخوڵقێنەکان لەو پارێزگایە ٢٠٠ میلیارد تمەنی تێدەچێ.
داریوش نەسر، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاو شارسازیی پارێزگای ورمێ لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە گوتی هەر نەبێ ٤٦ شوێنی ڕووداوخوڵقێنیان لە ئاستی پارێزگادا دەستنیشان کردوە کە بۆ کارکردن لەسەر ئەو شوێنانەو نەهێشتنیان لە سەر ڕێی هاتوچۆی شارو ناوچەکانی ئەو پارێزگایە ٢٠٠ میلیارد تمەن بودجە پێویستە.
بەپێی ئاماری پۆلیسی ورمێ رۆژانە نیزیک بە ٣٠٠ ڕووداوی پێکدادانی ماشێن یان وەرگەڕان لە رێگاوبانەکانی ورمێدا ڕوو دەدەن. لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا ٦٠٧ كەس لە پارێزگای ورمێ، بەهۆی ڕووداوی نەخوازراوی پێكدادانی ماشێن، گیانیان لە دەست داوەو ٩ هەزار و ٩٦٧ كەسیش لە ڕوداوی هاتووچۆدا بریندار بوون
بەپێی نوێترین ئامار كە لە لایەن ڕێكخراوی ڕێگەوبانو گواستنەوە له جادەكان ڕاگەیەندراوە، ژمارهی قوربانیانی هاتوچۆ لە ساڵانی ڕابردوودا گەیشتبۆ ٢٨ هەزار كەسو، لە ساڵی ١٣٩٤یی ڕابردووشدا سنووری ١٧ هەزار كەسی تێپەڕاندوە.