بەپێی ئاکامی لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی ڕابردوودا ئیعتیاد بە ماددەی هۆشبەر یەکەم هۆکاری سەرەکیی لێک جیابوونەوەکان لە پارێزگای سنە بووە.
جەماڵ ئەڕشەدی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتیی پارێزگای سنە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە گوتی: بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە ساڵی ڕابردوودا ئیعتیاد بە مادە هۆشبەرەکان، بێکاری، کێشەو گرفتی جینسیی ژنو مێردەکان، توندو تیژیو دەستێوەردانی بنەماڵەکان پێنج هۆکاری سەرەکیی لێک جیابوونەوەکان لە پارێزگای سنە بووە.
ئەو گوتی بەپێی ئامارەکانی بەردەست لە ساڵی ڕابردوودا ٤ هەزارو ٩ حاڵەتی جیابوونەوە لە پارێزگای سنە ڕووی داوە کە لەوەندە ٣ هەزارو ١٧٧ حاڵەتیان لە ئاستی شارەکانو ٨٣٢ حاڵەتیش لە گوندەکاندا ڕوویان داوە.
ئەرشەدی هاوکات باسی لە هەڵکشانی سەدی ٢ی تەڵاق لە ساڵی ٩٤ بەبەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر کردو گوتی زۆرترین ئاماری تەڵاق لە شارەکانی کامیاران، قوروەو مەریوانو، کەمترینیان لە شارەکانی دێولان، سەوڵاوا و بانە بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتیی پارێزگای سنە لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ئاماری زەماوەندەکان لەو پارێزگایەش کردو گوتی لە ساڵی ڕابردوودا ١٦ هەزارو ٧٥٣ حاڵەتی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەشیان لە پارێزگای سنە بووە کە ئەویش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو سەدی ١٤ لە کەمی داوە.