جەعفەری ئەیافت، کەسایەتیی خۆشناوی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا کاک جەعفەری ئەیافت، ناسراو بە “جەعفەری مرادی ئایشە خاڵە”، خەڵکی ئاوایی دارەلەک لە شاروێرانی مەهاباد لە نەخۆشخانەیەکی شاری تەورێز دڵی لە لێدان کەوت.
کاک جەعفەر لە بنەماڵەیەکی دێموکڕاتدا لە دایک بوو، باوکی یەکێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکڕات لە سەردەمی کۆماری کوردستان بوو، بۆ خۆشی بە بیری کوردایەتیو نیشتمانپەروەری پەروەدە کرا.
ساڵی ٥٧و دوای تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکڕات ئەندامی هێزی بەرگریو هەروەها شوڕای حیزب لە ئاوایی دارەلەک بوو. ئەو هەموو کاتێ بە چەکی خۆی لە شەڕەکانی دارەلەکو تەنانەت نەغەدەشدا بەشدار بووەو هەموو کاتێ لە هاوکارانی نیزیکی کۆمیتە ناوچەی شاروێرانی حیزب بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی مەرگی کاک جەعفەر سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاریو خەڵکی شاروێران دەکا و خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.