فیلمی دێکۆمێنتیی ٦٠ خولەكیی “نووسینی شار” له دهرهێنانی كەیوان كەریمی، دەرهێنەری كوردی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ١٢ی پووشپەڕ لە فستیڤاڵی “مون پلیە” لە فەرانسە پیشان دهدرێ.
فیلمەكانی “تاكسی” كە جەعفەر پەناهی كاری دەرهێنانی وە ئەستۆ گرتووەو فیلمه دێکۆمێنتییهکانی “فی فی زوزە می كشد” كاری میترا فەراهانیو، چەند بەرهەمێكی دیكەی سینەمای ئێرانن كە لە فستیڤاڵی “مون پلیە” پیشان دهدرێن.
“نووسینی شار” باس لە سهردهمهکانی نووسین لەسەر دیوارەكانو “گرافیتی”ییە سیاسیو كۆمەڵایەتییەكانی پاش ئینقلابی ئێران دەكا. ئەم فیلمه دێکۆمێنتییه تا ئێستاش له ئێران پیشان نەدراوە. كەیوان كەریمی پاش بەرهەمهێنانی ئهو فیلمهو بڵاو كردنەوەی پێش پەردەی ئەم فیلمە لە یوتیوب، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٢ دا دەستبەسەر كراو پاش دوو حەوتوو بهندکرانی له زیندانی ئینفڕادیی زیندانی ئێڤین، بە دانانی بارمتە ئازاد كرا.
كەیوان كەریمی دواتر لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٤، لقی ٢٨ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆكایەتیی قازی مەقیسەیی، بە تۆمەتی “سووكایەتی كردن بە پیرۆزییەكان و پڕوپاگەندە بەدژی نیزام” حوكمی ٦ ساڵ زیندانی تەعزیریو ٢٢٣ زەربەی قامچی بەسەردا سەپێندرا.
حوكمی ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری كەیوان كەریمی لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ساڵێک زیندانیی تەعزیری و ٥ ساڵ زیندانیی ههڵپهسێردراو گۆڕا، بەڵام سزای قامچییەكە هەر لە جێگای خۆیەتی.
جێی بیرهێنانهیهوهیه که فستیڤاڵی فیلمی “كان” وێڕای زیاتر لە ٣٠ ناوەن و ڕێكخراوی سینەمایی دیكە لە سەرتاسەری جیهان لە بەیاننامەیەكدا ڕوو به دهزگای قهزایی ئێران داوای ڕاگیرانو ههڵوهشانهوهی جێبەجێ كرانی ئەم حوكمەیان کردوه.
فیلمه دێکۆمێنتییهکانی “سنووری شکاو” و “ماجراهای زن و شوهر كارگر” لە بەرهەمەكانی دیكەی ئەم هونەرمەندە كوردەن.
“سنووری شکاو” باس لە دەرد و مەینەتییەكانی كۆڵبەران لە سنوورەكانی كوردستان دەكا و تا ئێستا لە ٦٥ فستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا پێشان دراوە و ٩ خەڵاتیشی وەدەست هێناوە.