پاش تێپەڕینی ساڵێك بەسەر ئێعدامكرانی شەهید مەنسوور ئاروەند، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ هیچ زانیارییەك لە بابەت چەرنووسی تەرمی ئەم شەهیدەو شوێنی ناشتنی بە بنەماڵەكەی نەدراوە.
مەنسوور ئاروەند لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ لە شاری مەهاباد دەستبەسەر كراو ساڵێك دواتر بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ئەندامەتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا.
مەنسوور ئاروەند زیندانیی سیاسیی كورد لە ڕێكەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەكی نهێنی و بەبێ ئاگادار بوونی پارێزەر و بنەماڵەكەی لە زیندانی میاندواو ئێعدام كرا.
یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە ئێعدام كراوە لەم بارەوە بە “كانوونی پارێزەرانی مافەكانی مرۆڤی كوردستان”ی ڕاگەیاند: پاش تێپەڕینی ساڵێ و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەكەمان، تا ئێستاش كاربەدەستانی ئەمنیەتیو قەزایی لە ڕادەستكردنەوەی تەرمی شەهید مەنسوور ئاروەند یان نیشاندانی شوێنی ناشتنهکهی خۆ دەبوێرن.
ئەم ئەندامەی بنەماڵەی ئاروەند هەروەها دەڵێ لەم ماوەیەدا چەندین جار لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەڕەشە لە بنەماڵەكەم كراوە، چەند ڕۆژ لەمەوبەریش بۆ جارێكی دیكە دایكو باوكمان بانگ كراونو كەوتوونەتەوە ژێر فشار و هەڕەشەی ئەم وەزارەتخانەیە.
لە لایەكی دیكەوە وەزارەتی ئیتلاعات وێڕای هەڕەشە كردن لە سامان ئاروەند برای بچووكی شەهید مەنسوور، بە باوكیان ڕاگەیاندووە كە دەبێ ئەویش بگەڕێننەوە بۆ ئێران. سامان ئاروەند ماوەیەك لەمەوبەر بەهۆی فشاری هێزەكانی ئیتلاعات بە ناچار زێد و وڵاتی خۆی بەجێ هێشت.
شایانی باسە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا حوكمی ئێعدامی دەیان چالاكی سیاسیی كورد لە لایەن دەزگای قەزاییەوە جێبەجێ كراوەو تا ئێستا تەرمی ئەم چالاكانە ڕادەستی بنەماڵەكانیان نەكراوەتەوەو تەنانەت بە شوێنی ناشتنیشیان نازانن.