بە خۆكوژیی كردنی مێرمنداڵێكی دیكە لە سنە، ژمارهی خۆكووژییەكانی ئەم شارە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا گەیشتە دوو كەس.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی كوردستان و كورد ڕۆژی هەینیی ٢٨ی جۆزەردان، میلاد نەزەری تەمەن ١٦ ساڵ، كە مناڵی بنەماڵەیەكی كرێكار بوو بەهۆی هەژاری و دەسكورتی بنەماڵەكەی و گیروگرفتی خێزانی خۆی لە بەنداوی “وەحدەت”ی سنە هاویشت و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
خۆكووژیی ئەم مێرمنداڵە ١٦ ساڵەیە لە حاڵێك دایە كە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردانیش كچێكی ١٥ ساڵە لە شارۆچكەی “بەهاران”ی سنە خۆی لە پەنجەرەی نهۆی پێنجەمی خانووبەرەیەكەوە هەڵدایە خوارەوەو بەداخەوە ئەویش گیانی لە دەست دا.
هەر لە هەمان ڕۆژدا كچێكی تەمەن ١٦ ساڵو قوتابیی ساڵی سێهەم، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە یەكێك لە دەبیرستانەكانی كچاندا كە لە شارۆچكەی “غەربی تاران” هەڵكەوتووە، پاش دوایین تاقیكردنەوەی قوتابخانە لە ڕێگەی خۆكووژییەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
شایانی باسە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی كەم ١٨ قوتابی هەوڵی خۆكووژییان داوە. زۆربەی ئەم خۆكووژییان لە لایەن ژنانەوە ڕوویان داوە كە هۆكارەكەشی بۆ هەژاریو بی بەشی و فشاری كۆمەڵایەتیی لەلایەن ڕێژیمی دژەژنی كۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە.