لە بەرەبەری ساڵیادی بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشتدا، بەرنامەكانی یادی ئهو بۆنهیه ڕاگهیهندرا.
ڕەحیم واحیدی، بهرپرسی ئهنجومهنی بەرگری لە مافەكانی بەركەوتووانی شیمیایی سەردەشت ڕایگەیاند بەرنامەكانی ئەمساڵ لە ڕۆژانی پێنجەم، شەشەم و حەوتەمی پووشپەڕدا لە شاری سەردەشت بەڕێوەدەچن.
بەپێی قسەكانی ناوبراو لە ڕۆژی 5ی پووشپەڕدا فیلمی دێکۆمێنتیی ” بهرهبهیانێک كە بۆنی لیمۆی لێ دەهات”، به بهشداریی دهرهێنهری ئهو فیلمه لە شوێنی سینەمای ئەم شارە پێشان دەدرێو گرووپی شانۆی حەلەبجەش بەرنامەكانی خۆیان پێشكەش دەكەن.
لە ڕۆژی ٦ی پووشپهڕیشدا، كۆبوونەوەیەكی زانستی لە ژێر ناوی “سەردەشت، شاری ئاشتی” بە بهشداریی كارناسانو مامۆستاكانی زانكۆ بەڕێوەدەچێو كارەساتی بۆمبارانی شیمیایی شاری سهردهشت لە بوارە جۆراوجۆرە حقووقی، دەروونناسی و كۆمەڵایەتییەكانەوە تاوتوێ دەكرێن.
لەم كۆبوونەوەیەدا، ڕێز لەم توێژەرانەش دەگیرێ كە لە لێكۆڵینەوەكانی زانكۆ و تێزی كۆتایی خوێندنو، لە كارە هونەرییەكانیاندا لێكۆڵینەوەیان لهسهر ئهم ڕووداوهو کێشهکانی قوربانیانو بهرکهوتووانی شیمیایی ئەم شارە كردووە.
ڕێوڕەسمی ڕۆژی 7ی پووشپەڕیش لە مزگەوتی جامیعی ئەم شارە بەڕێوە دەچێ كە پاش پێشكەشكردنی وتار و لێدوانه ڕهسمییهکان، بەشداربووان بە پێیان بەرەو گۆڕستانی شەهیدانی بۆمبارانی شیمیایی سەردەشت دەكەونه ڕێ و بە پێشكێشكردنی چهپکه گوڵ ڕێز لە یاد و بیرەوەریی قوربانیانی شیمیایی ئەم شارە دەگرن.
بەم جۆرە كە واحیدی گوتوویەتی، بەرپرسانو كاربەدەستانی شاری حەلەبجە و ئەنجومەنی قوربانیانی شیمیایی ئەم شارەش لەم ڕێوڕەسمەدا بهشداری دەكەنو جگە لەوە كۆمەڵێك لە قوربانیانی شیمایی مەریوان و زەردەی كرماشانیش بانگهێشتی ئەم ڕێوڕەسمە كراون.