ڕۆژنامەیەكی ئامریكایی ڕایگەیاندووە دەوڵەتی ئۆباما بەم ئاكامە گەیشتووە كە بەپێی ئەم ئۆرانیۆمەی له بنکهی نیزامیی پارچیندا دۆزراوەتەوە، ئێران لە ڕابردوودا بە نهێنی بەرنامەی دروستكردنی چەكی ناوكی هەبووە.
ڕۆژنامەی “وال ئێستریت ژورناڵ” لە ژمارەی ڕۆژی یەكشەممە ٣٠ جۆزەردانی خۆیداو، لە زمان كاربەدەستانی پێشوو و بەرپرسانی ئێستای ئامریكاوە ئەم ڕاپۆرتەی بڵاو كردۆتەوە.
كاربەدەستێكی پلەبەرزی دەوڵەتی ئامریكا لەم بارەوە دەڵێ، بوونی دوو جۆر لە گەردیلەكانی ئۆرانیۆم، دەیسەلمێنن كە بنکهی پارچین خەریكی دروستكردنی چەكی ئهتومی بووە.
ئەم ڕۆژنامەیە هەروەها نووسیویەتی ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوانە بە تهواوی دژایەتییان لەگەڵ ئیدیعاکانی ڕێژیمی تارانە كە حاشا لە هەر چەشنە هەوڵێك بۆ دروستكردنی چەكی ناوكی دەكهن.
یووكیا ئامانۆ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودهوڵهتیی وزهی ئهتومیش ڕۆژی ١٥ی جۆزەردان لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی “واشینگتۆن پۆست” ئاماژەی بە چالاكییهکانی ئێران له ڕابردوو، بە تایبەت مەسەلەی ئەم تاقیكارییانەی پارچین كردبوو و گوتبووی: ” بەڕای ئاژانس حاشاكردنی تاران لە بابەت ئەم تاقیكارییانەی كە لە ڕابردوودا كردوویەتی هیچ ئیعتبارێكی نییە، بەڵام ئەم بابهتهی كە لە ئێستادا زۆر گرینگە ئەوەیە كە چی دیكە تاقیكردنەوە و هەوڵی لەم چەشنەی له بنکهی ئهتومیی پارچیندا درێژه پێنهداوه.”
شایانی باسه بەپێی ڕێككەوتنی ڤیەن، زلهێزە جیهانییەكان قبووڵیان كردوه كە لە بەرامبەر ڕاگیرانی زۆربەی چالاكییە ناوكییەكانی ئێراندا گەمارۆكانی سەر كۆماری ئیسلامی هەڵوەشێننەوە.