کاک خالید عهزیزی، سکرتیڕی گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له ئاڵمان پێی لهسهر ئهوه داگرتهوه که حیزبی دێموکراتی کوردستان هەوڵی داوە بە سیاسەتی “رۆژهەڵات تەوەری” ئادرەسێکی بەهێز بۆ چارەسەریی کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ.
له سمینارێکدا که رۆژی شەممە، ٢٩ ی جۆزهردان له شاری کۆڵنی ئاڵمانو به بهشداریی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانو لایەنگرانی حیزبو نوێنەرانی حیزبو لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ کاک خالید عهزیزی پێکهاتبوو، بهڕێزیان باسێکی له ژێر ناوی “چاوخشاندنێک بە سهر رووداوە سیاسییەکانی کوردستانو ناوچەو جیهان”، پێشکێش کرد.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له سهرهتای باسهکهیدا بە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر سەردەمی شەڕی ساردی نێوان دوو جهمسهری رۆژهەڵاتو رۆژئاوا و زاڵبوونی کێشەی فەلەستینو ئیسرائیل بهسهر هاوکێشهکانی ڕۆژههڵاتی نێوهڕاست. گوتی: سەرهەڵدانی گۆڕانکارییەکانی چەند دەیەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو بە هۆی ئەوەی نەتەوەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە هەوڵ بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەییو مەزهەبی خۆیان بدەن. ڕەوتی سەرهەڵدانی ئەم گۆڕانکارییانەش بە جۆرێک بوو کە هیوایەکی لە لای نەتەوەی کورد دروست کرد کە بیەوێ کێشەی نەتەوەیی خۆی چارەسەر بکاو دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە سەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد وەک یەکەمین کۆماری کوردی، هەوڵێک بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوایەتی بوو.
کاک خالید عەزیزی لە پیوەندی لەگەڵ کێشەی نەتەوی کورد لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە گوتی: بەخۆشییەوە دەتوانم بڵێم تا رادەیەکی زۆر باش کورد لە باشووری کوردستان توانیویەتی سەنگو قورسایی خۆی ههبێو تا ڕادەیەک بە مافە رەواکانی خۆی بگاو، سەربەخۆیی کوردستان وەک ستراتیژییەک بۆ خۆی دەست نیشان بکا.
لە باکووری کوردستانیش کورد توانیویەتی تا رادەیەکی زۆر باش بە خەباتی پارلەمانیو مەدەنی، چ لە نێوخۆی تورکیەو چ لە دونیای دەرەوە، کێشەی کورد زیاتر بناسێنێو، لە پێوەندی لەگەڵ رۆژئاوای کوردستاندا دەتوانم بڵێم چ دەوڵەتی بەشار ئەسەد یان هەر دەوڵەتێکی تر لە سووریە بێتە سەر کار، چیتر ناتوانێ کێشەی کورد پشت گوێ بخا.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە باس کردن لە بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی ئێرانو رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی: ئەگەرچی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکرات هەوڵی زۆریان داوە لە ڕێگای وتووێژ و گرتنەبەری رێگای ئاشتییانە کێشەی نەتەوی کورد لەگەڵ ئێراندا چارەسەر بکەن، بەڵام ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە چارەسەری ئاشتیانەی بە بنبەست گەیاندووە و شەڕی چەکداریی بە سەر حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورددا سەپاندووە.
بهڕێزیان ههر لهو بهشهی قسهکانیدا گوتی ئێمەش بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆمان شەڕی چەکداریمان کردوەو ئەگەر حیزبی ئێمە ئێستا باس لەوە دەکا کە ڕووخانی رێژیمی ئێران کاری ئێمە نیە، بەو مانایە نیە کە سیاسەتی حیزب لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا گۆڕابێ، یان ماهییەتی رژیم گۆڕانی بەسەردا هاتبێ، بەڵکوو دەمانەوێ بە پێداگری لهسهر پرسی پێویستیی وتووێژو بەشداری پێکردنی کۆمهڵانی خەڵک لە کاری سیاسیو رێکخراوەییو کەمتەرخەم نەبوونیان لە ئاستی پرسە نەتەوەییەکاندا و هەروەها خەباتی دیپلۆماسی لە دەرەوە، کۆماری ئیسلامی مەجبوور بکەین بۆ چارەسەریی کێشەکان هەنگاو بنێ.
کاک خالید عهزیزی گوتی: ئێمه بهردهوام هەوڵمان داوە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرتر بە دونیای دەرەوە بناسێنین، بۆیە دەتوانم بڵێم کە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەوڵی داوە بە سیاسەتی “رۆژهەڵات تەوەری”ئادرەسێکی بەهێز بۆ چارەسەریی کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ.
بهڕێزیان له درێژهی ئهو باسهیدا گوتی: کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای دەستێوەردان لە کار و باری وڵاتانی ناوچەکەو بەشەکانی دیکەی کوردستان، هەوڵی داوە بە جۆرێک کێشە نێوخۆییەکانی ئێرانو کێشەی کورد لە چاوی میدیاو وڵاتانی دەرەوە بشارێتەوەو پەراوێزی بخاو بەم شێوەیە بتوانێ سیاسەتەکانی خۆی بباتە سەر. له تهوهرێکی دیکهی باسهکهیدا کاک خالید عهزیزی هاته سهر ئهوهی که حیزبی دێموکراتی کوردستان رێفراندۆم وەک مافی رەوای گەلی کوردورێکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێو؛ وەک هەمیشە پشتگیری لە خەباتی گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکاو سەرکەوتنی ئەوان بە سەرکەوتنی هەموو گەلی کورد دەزانێ.
بهڕێزیان لە پێوەندی لەگەڵ سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ پارێزگای ورمێ گوتی: سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕیگای راوێژکاری خۆیەوە بەڵێنیی خوێندن بە زمانی زگماکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان داوە، لە کاتێکدا گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستیی بە خوێندن بە زمانی یەکگرتووی کوردییەو ئامانجی رژیم لەو بەڵێنە چاندنی تۆوی دووبەرەکی و ناکۆکی لە نێوان خەڵک دایە.
شایانی باسه لە کۆتایی سیمینارەکەدا بەشدارن بیرو بۆچوونو پرسیارەکانی خۆیانیان لهگهڵ سکرتێری گشتیی حیزب هێنایه بهرباس.