سەرۆكی یەكیەتیی بهرههمهێنهکانی كاشی له ئێران دەڵێ ماوەی ٨ مانگە كرێكارانی كارخانەكانی كاشی سازیی ئێران مووچەیان وەرنەگرتوە.
ناوبراو دەڵێ كارخانەكانی سرامیكسازی كە چالاكیو کارکردنیان پێوەندییەكی ڕاستەوخۆی به بارودۆخی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی وڵاتەوە هەیە، دوا بەدوای یەك دادەخرێن و بەهۆی بەردەوامیی ڕکودی ئابووری، تا كۆتایی ئەمساڵ ٢٠ كارخانەی سرامیكسازیی دیكەش دادەخرێن.
لە لایەكی دیكەشەوە كرێكارانی كارخانەی “پلی اكریل”، گەورەترین كارخانەی بەرهەمهێنانی ماددە سەرەتاییەكانی پیشەسازیی ڕستنو چنینی ئێران، ماوەی ٣ مانگە مووچەو هەقدەستیان نهدراوهتێ.
كارخانەی “پلی اكریل” كە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ههلی کاریی بۆ ٦٤ هەزار كەس پێک هێناوه، لە ئێستادا تەنانەت توانای دابینكردنی مووچهو هەقدەستی كرێكارەكانیشی نییە.
عەلیڕەزا خوڕەمی، بەڕێوەبەری شوورای ئیسلامیی كارخانەی “پلی اكریل” دهڵێ ئەم قەیرانە و شكستە بەرۆكی هەموو ناوەندە ئابوورییەكانی ئێرانی گرتووە، بە جۆرێك كە ڕۆژ نییە هەواڵی داخرانی کارگهو یەكە پیشەسازییە به ڕابردووهکانی ئێران بڵاو نەكرێتەوە.
ئامارە ڕەسمییەكان باس لەوە دەكەن كە لە حاڵی حازردا لە نێوان ٧٥٠٠ تا ١٠ هەزار کارگهو یهکهی ئابووریی بچووك و مام ناوەندی لەم وڵاتە بە تەواوی وهرشکهست بوون، لە لایەكی دیكەوە توانای پاشەكەوت كردنی بنەماڵەكان بەهۆی بەردەوامیی ڕکودو ڕاوهستانی ئابووری تا ئاستی سەدی ٣٠ دیكەش لە كەمی داوە. ئەوە بەم مانایەیە كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا نەتەنیا توانای كڕینی خەڵك زیادی نەكردوە، بەڵكوو توانای كڕینی گشتییش بە بەردەوامی لە كزی داوە.