عادڵ ئەلجەبیر، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان دوای جاوپێکەوتنی شازادە محەممەد بێن سەلمان، جێنشینی پاشای عەرەبستان لەگەڵ باڕاک ئۆباما، سەرکۆماری ئەمریکا بە بایەخەوە باسی ئەو دیدارەی کرد.
ئەو لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وەڵامئ پرسیاری کاناڵەکانی راگەیاندنی داوەو گوتی لە دیداری نێوان باڕاک ئۆباما و شازادە محەممەد بێن سەلماندا، نەخشەرێگای 25 ساڵی داهاتووی عەڕەبستان بۆ سەرۆک کۆماری ئەمریکا باس کراوە.
جەبیر لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر هەڵوێستی عەڕەبستان لە بەرامبەر ئێراندا گوتی، سیاسەتەکانی عەڕەبستان لە هەمبەر ئێران نەگۆڕاون، چونکی عەڕەبستان بەو چاوە سەیری ئێران دەکا کە بەردەوام دەست لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە وەردەداو پشتیوانی لە تێرۆریسم دەکا.
ئەو لە درێژەدا گوتی ئەگەر ئێران دەیەوێ پێوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەبێ، دەبێ دەست لە ناردنەدەرێی شۆڕشەکەی هەڵبگرێو ڕەچاوی بنەماکانی دراوسێیەتی بکا.