ناوەندی ئاماری ئێران لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندوه، ئاستی بێكاری لە ٢١ پارێزگا بۆتە دوو ڕەقەمی و بارودۆخی ٣ پارێزگا لەم بوارەدا قەیراناوییە و ئاستی بێكاریی لاوانیش له سەدی ٣٠ تێپەڕیوه.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٣ پارێزگا له ئێران لە بارودۆخی قەیراندا ناویان هاتوه كە لەواندا ئاستی بێكاری سەرووی سەدی ٢١ ڕاگەیەندراوە. لەوانە: پارێزگای كرماشان بە ئاستی بێكاریی زیاتر لە سەدا ٢٣، كۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد زیاتر لە سەدی ٢٢ و پارێزگای سنە كە ڕێژەی بێكاریی زیاتر لە سەدی ٢١ە، لەم بوارەوە لە پلەی یەكەمی پارێزگاكانی ئێراندا جێیان گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار، بەرزرترین ڕێژەی بێكاری بۆ قۆناغی تەمەنی ٢٠ تا ٢٤ ساڵ لە زستانی ساڵی ڕابردوو گەیشتۆتە ئاستی سەدی ٣٠ كە تا ئێستا شتی وا هەر نموونەی نەبووە. پاش ئەوە قۆناغی تەمەنیی ٢٥ تا ٢٩ ساڵ ئاستی بێكاری لە سەدی ٢٢ تێپەڕیوە. هەروەها نزمترین ڕێژەی كار و شوغڵ لەم ماوەیەدا پێوەندی بە قۆناغی ٢٠ تا ٢٤ ساڵ و پاش ئەوەیش بە تەمەنی ١٥ تا ١٩ ساڵ هەیە.