دوو ڕۆژنامەی ئامریكایی نیۆیۆرك تایمز و وال ئیستریت ژورناڵ باسیان لە داوای دیپلۆماتهکانی وهزارهتی دهرهوهی ئهمریکا له دهوڵهتی وڵاتهکهیان بۆ هێرشی بەربڵاوی نیزامی بۆ سەر مۆڵگەكانی بەشار ئەسەد و ئەرتەشی سووریە كردوه.
نیۆیۆرك تایمز نووسیویەتی زیاتر لە ٥٠ كەس لە دیپلۆماتەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا لە نامهیهکدا وێڕای دانە بەر ڕەخنەی سیاسەتەكانی دەوڵەتی ئۆباما لە هەمبەر قەیرانی سووریەدا، داوای كەلكوەرگرتن لە توانای نیزامیی ئەم وڵاتە بۆ ڕاگرتنی توندوتیژییەكانی شەڕی نێوخۆیی سووریە بوون.
لەم نووسراوەیەدا كە ڕەشنووسەكەی لەلایەن یەكێك لە كاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكاوە بۆ نیۆیۆرك تایمز نێردراوە، هاتووە كە توندوتیژییە بەربڵاوەكانی سووریە سیاسەتەكانی ئامریكایان لەم وڵاتە تووشی شكست كردوە و كاتی ئەوە هاتووە كە لە بهرامبەر قەیرانی سووریەدا سیاسەتی توندتر بگرنە بەر و بە كەلك وەرگرتن لە ڕێکاری نیزامی به تایبهت هێرشی ئاسمانی ، هێرشی چڕوپڕتر بكرێتە سەر ئەم وڵاتە.
كاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا دەتوانن لە ڕێگەی كاناڵی ناڕەزایەتیی دەربڕین، بەبێ ئەوەی كە نیگەرانی دەرەنجامە خراپەكانی ئەم مەسەلە بن، بیر و ڕای خۆیان دەرببڕن.
ئەم كاناڵە لە سەردەمی شەڕی ئامریكا و ڤیەتنامەوە لە وەزارەتی دەرەوە کراوهتهوه تا كاربەدەستانی ئەم وەزارەتخانەیە بتوانن لە ڕێگەی ئەم كاناڵەوە، بەبێ ئەوەی كە هیچ ترسێكیان لە تۆڵە سەندنەوە و هەڵسوكەوتی خراپ هەبێ، هەڵوێستە سیاسییەكانیان نیشان بدەن و ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن و ڕوانگەكانیان بخەنە ڕوو و بیروڕای خۆیان بە گوێی وەزیری بگەیەنن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە هەڵوێستی ئەم دیپڵۆماتانە نیشانەی ئاڵوگۆڕێكی ڕادیكاڵ لە ئاراستەی دەوڵەتی ئامریكا بە نیسبەت شەڕی نێوخۆیی سووریەیە، بەڵام وێناچێ ئۆباماش سیاسەتی خۆی بەم شێوەیە بگۆڕێ.
شایانی باسە ئەم نووسراوەیە نیشاندهری كەلێنو ناکۆکیی قووڵی نێوان لایهنهکانی دەوڵەتی ئامریكا لە بابەت چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ شەڕێكە كە تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار كوژراوی لێ كەوتۆتەوە.