مامۆستایەکی قوتابخانەیەکی شاری بۆکان بانگ کراوەتە ئیدارەی ئیتلاعاتو لێپرسینەوەی لێکراوە.
بەپێی هەواڵی پەیامنێری کوردستانو کورد لەو حەوتوویەدا سەید سەلمان ئیمام زەمبیلیی، مامۆستایەکی یەکێک لە قوتابخانەکانی بۆکان بانگ کراوەتە ئیدارەی ئیتلاعاتو بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامیو هاندانی مامۆستایان بۆ کۆبوونەوەو خۆپیشاندان دادگایی کراوە.
سەید سەلمان ئیمام زەمبیلی پێشتریش لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٤دا و لەکاتی خۆپیشاندانی سەراسەریی مامۆستایان لە ئێران بانگ کرایە ئیدارەی ئیتلاعات. هاوکات هێزەکانی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییەی ڕێژیم بێ ئاگاداریی پێشوەخت هەڵیان کوتابووە سەر ماڵی سەید سەلمانو کامپیوتیرو مۆبایلو کەلوپەلە شەخسییەکانی ئەویان لەگەڵ خۆیان بردبوو. ناوبراو پاش چەند ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٣٠ میلیۆن تمەنی ئازاد ببوو.
شایانی باسە سەید سەلمان دوای ئەو رێکەوتەش چەند جارێکی دیکە بەهۆی دژایەتیی ناوبراو لەگەڵ دەستێوەردانی سپاو بەسیج لە کاروباری پەروەردەو قوتابخانەکان بانگ کراوەتە ئیدارەی ئیتلاعاتو لێپرسینەوەی لێکراوە.