ئەییوب ئەسەدی، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی کاشمەر مانی لە خواردن گرتوە، هەڕەشەی قورسترکردنی سزای زیندانییەکەی لێکراوە.
ئەیوب ئەسەدی، زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندیخانی کاشمەر بۆ ناڕزایەتی دەربڕین بە دۆخی پەروەندەکەی مانی لە خواردن گرتوە، بەڵام کاربەدەستانی زیندان بەجێی جوابدانەوە بە داواکەی هەڕەشەی ئەوەیان لێ کردوە بێتوو مانگرتنەکەی نەشکێنێ، پەروەندەیەکی دیکەی لە دژی دەکرێتەوە.
ناوبراو لە ڕۆژی دووشەممە، ١٧ ی جۆزەردانەوەو لەگەڵ ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی بۆ سللولی ئینفڕادی گواستراوەتەوە. ئەیوب ئەسەدی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناعادڵانەبوونی حوکمەکەیو پێڕانەگەیشتنی پزیشکی مانی لە خواردن گرتوە.
ئەم بەندكراوە سیاسییە ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ٩٠ لەگەڵ محەممەدحوسێن ڕەزایی لەلایەن هێزەكانی سپای پاسداران لە دەورووبەری ئاوایی بۆریەر سەربە شاری سەوڵاوا دەسبەسەر كرا. پاشان هەر دووكیان بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە سنە گواسترانەوەو بۆ ماوەی نزیك بە ١ مانگ لەوێ ڕاگیران و لەسەر داوای ئیدارەی ئیتلاعاتیش بۆ ماوەی ٣ مانگ و نیوی دیكە لە زیندانیی ئەمنیەتیی ئەم ناوەندە ئەمنیەتییەدا لە ژێر ئازارو ئەشكەنجەدا بوون.
ئەسەدی پاش ٨ مانگ ڕاگیران لە زیندانی ئیتلاعات، بۆ زیندانی مەریوان و لەوێشەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوەو دواتر لە لایەن دادگای شۆڕش لە شاری سنە بە سەرۆكایەتیی قازی بابایی بە تۆمەتی هاوكاریكردنی یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی بەرهەڵسكاری ئێران دادگایی كراو حوكمی ٢٠ ساڵ زیندان و دوورخراوەیی بۆ زیندانی كاشمەری بۆ بڕایەوە.
ئەم بەندكراوە سیاسییە، ڕۆژی ٢٨ی خاكەلێوەی ساڵی ٩٢ حوكمەكەی بڕیاری جێبەجێكردنی لەسەر دراو لە زیندانی سنەوە بۆ زیندانی كاشمەر دوور خرایەوە.