ئیدارەی زانیاریی وزەی ئامریكا لە ڕاپۆرتێكدا مەزندەی كردوە كە ئێران لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە تا مانگی مەی لە هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی نزیك بە ١١ میلیارد دۆلار داهاتی بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، داهاتی نەوتی ئێران لە ساڵی ڕابردووی زایینی ٢٧ میلیارد دۆلار بووە كە لە چاو ساڵی ٢٠١٤ نزیك بە ٢٠ میلیارد دۆلار دابەزیوە.
ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەی نەوت “ئۆپێك” لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا كە ڕۆژی دووشەممە بڵاوی كردەوە گوتی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی وڵاتانی ئەندامی ئەم ڕێكخراوە لە ماوەی یەك مانگی ڕابردوودا بەگشتی نزیك بە ١٠٠ هەزار بۆشكە دابەزیوە، بەڵام ئێران لەگەڵ عەرەبستانو هێندێك لە وڵاتانی عەرەبی كەنداو بەرهەمی نەوتی خۆیان بەرز كردۆتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وەز لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا كە ڕۆژی سێشەممەی ئەم حەوتووە بڵاوكرایەوە دانی بەوە داناوە كە ئێران زۆرترین گەشەی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی لە نێو ئەندامانی ئۆپێكدا هەبووە و لەوانەیە ساڵی ٢٠١٦ بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی خۆی بۆ ٧٠٠ هەزار بۆشكەی دیکه بەرز بكاتەوە.