بەپێی دوایین ئاماری ڕێكخراوی جیهانیی كاری سەربە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان كە مەقەڕەكەی لە ژنێڤە، لە ساڵی ٢٠١٥ حهشیمهتی منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ كە لە ئاستی جیهاندا لە جیاتی خوێندن كاردەكەن، زیاتر لە ٢١٥ میلیۆن منداڵ بوون.
پشكی ئێران لە منداڵانی كار ٧ میلیۆن كەسە كە لە جیاتی ئەوەی لە قوتابخانەكان بخوێنن، كار دەكەن. هەڵبەت لە كۆماری ئیسلامیی ئێراندا تەنانەت ئاماری منداڵانی كار لە نێو ناوهنده دەوڵەتیو نادەوڵەتییەكان جیاوازی هەیە. ناوهنده ڕەسمییەكانی دەوڵەت دەڵێن لە ئاستی ئێراندا تەنیا ٢ میلیۆن منداڵ هەیە که وهبهرکار نراون، ئەمە لە حاڵێكدایە كە ڕێكخراوەكانی مەدەنی یان نادەوڵەتی ڕێژەی منداڵانی كاریان ٧ میلیۆن كەس مەزندە كردوە.
لە سەردەمی ٨ ساڵ دەسەڵاتدارهتیی مەحموود ئەحمەدی نژاد، شورای باڵای منداڵان داخراو، گیروگرفتی منداڵانی كار تەنانەت لە دەستووری كاری دەوڵەتیشدا نەبوو. دەوڵەتی یازدەیەم بهڵام شورای باڵای منداڵانی بووژاندەوە، بەڵام بە قسەی چالاكانی مافهکانی منداڵانو ڕێكخراوەكانی پێوەندیدار بە منداڵان سهرهڕای ئهوهش گۆڕانكارییەكی ئەتۆیان بەرچاو نەكەوتوە.
تاهیرە پەژوهێش، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافی منداڵان، بڕیارهکانی دەوڵەتی ئێستا لە پێوەندی لەگەڵ دیاردەی بە ناوی منداڵانی كار بە بێ ئاكام دەزانێ. تاهیرە پەژوهێش لەم پێوەندییەدا دەڵێ، كاتێك هەقدەستی كرێكارێك ٨٠٠ هەزار تمەن بێو بەم حقووقەش تەنانەت ناتوانرێ سەرپەنایەك بەكرێ بگری، بە پێدانی مانگانە ٥٠ هەزار تمەن بە منداڵێكی كار ناکرێ ئەم منداڵانە بۆ قوتابخانە بگەڕێندرێنەوە.
بە قسەی پەژوهێش منداڵانی كار ئێستا تێچووی کرێی خانوو و ژیانی بنەماڵەیەك دابین دەكەن. ناوبراو لەسەر ئەم باوەڕەیە كە ئێران هیچ هەوڵێكی لە پێناو جێبەجێكردنی مادەكانی كۆنوانسیۆنی مافی منداڵان نەداوە.