سەعد حەریری، سەرۆك وەزیری پێشووی وڵاتی لوبنان بۆ جارێكی دیكە ڕەخنەی توندی لە كردەوەكانی حیزبوڵڵای لوبنان گرتو ئەم حیزبەی بە جینایەتكردنو پشتیوانی كردن لە بەشار ئەسەد تاوانبار كرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ئەلغد”، حەریری كە لە میوانیی بەربانگی باڵوێزانی هێندێك لە وڵاتانی عەرەبی لە لوبنان قسەی دەكرد گوتی، حیزبوڵڵای لوبنان بە دەستووری مەلایانی تاران بۆ پشتیوانی كردن لە بەشار ئەسەد بەردەوام جینایەت دەخۆڵقێنن و پاشان كەشوهەوای سیاسیی لوبنان قەیراناوی دەكەن.
ناوبراو هەروەها دەڵێ كردەوەكانی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ یەكەم جار وڵاتی لوبنان لە كۆمەڵگەی عەرەبی تەریك كردەوە. بەهۆی كردەوە هەڵەكانی حیزبوڵڵا یارمەتییە ماڵییەكانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئێمە ڕاگیراو چالاكییە ئابوورییەكانی كەرتی گەشتیاریش كە پشكی گرینگی لە ئابووریی و داهاتی میللیی لوبناندا هەبوو، لە دەستمان دا.
حەریری لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، حیزبوڵڵا نەتەنیا پێی لە شەڕی سووریە ناوە بەڵكوو لە ڕێگەی تۆڕە پێوەندیدارەكانی ئێرانەوە دەست لە كاروباری وڵاتانی وەك عێراق، یەمەن و بەحرەین وەردەدا.
سەرۆك وەزیری پێشووی لوبنان گوتی ئەم حیزبە بە دەستووری ئێران نەیهێشت هەڵبژاردنی سەركۆماری ئەم وڵاتە بكرێو لە هەر پڕۆسەیەكی سیاسی كە لوبنان بەرەو یەكگرتوویی دەبا ئاژاوەو دووبەرەكی دەنێتەوەو وڵاتی ئێمە نزیك بە دوو ساڵە بە هۆی سیاسەتەكانی حیزبوڵڵا بە بێ سەركۆمار ماوەتەوە.
ناوبراو لە كۆتاییدا گوتی، خەڵكی لوبنان نایانەوێ ئێران دەست لە كاروباری وڵاتەكەیان وەربدا و نایانەوێ ئاگری شەڕ و دووبەرەكی دەستی ئێران له وڵاتی سووریەو وڵاتانی دیكەی عەرەبی بن.