شارەداریی سنە دیسانەكەش نەیتوانی قەرزەکانی خۆی بە قۆنتەراتچییەکان سووک بکا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێمۆكراسیو مافەكانی مرۆڤی كوردستان، شارەداریی سنە تا ئێستا نزیكەی ١٠٠ میلیارد تمەن بە قۆنتەراتچییەکانی پارێزگا قەرزدارە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە شارەداریی سنە ٧ میلیارد تمەن بە ڕێكخراوی دابینكردنی كۆمەڵایەتی و نزیكەی ٨٠ تا ١٠٠ میلیارد تمەنیش بە پەیمانکارەکان قەرزدارە. بڕیار بوو ئەم قەرزانە لە نیوەی دووهەمی مانگی جۆزەرداندا پاك بكرێن، بەڵام تا ئێستاش ئەم قەرزانە هەر لە جێی خۆیان ماونەتەوە.
لە لایەكی دیكەشەوە تا ئێستا چەندین پرۆژەی سەرەكیی نیوەچڵ لە شاری سنە ماوەتەوە كە لە نموونەی ئەم پرۆژانە ئاماژە بە توونێلی ئینقلاب، جادەی كۆسەی هەجیج، پردی قشڵاق و ئیسفاڵتی ڕێگەوبانەكانی ئەم شارە بکرێ.
پێشتر مەنووچێهر فەخری، شارەداری سنەش ڕایگەیاندبوو: لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی بوودجەكانی پارێزگاوە، بڕی ٦ میلیاردو ٢٧٠ میلیۆن تمەن بۆ بۆ ١٤ پرۆژە تەرخان كرابوو كە لەم ڕێژەیە نیزیكەی ٢ میلیارد تمەن دابین كرا، بەڵام ٤ میلیارد و ٢٠٠ میلیۆن تمەنەكەی دیكە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ هەر نەگەیشتۆتە جێ.
هەروەها ئەندامانی شوورای ئیسلامیی شاری سنە ڕەخنەیان لە دابەزینی بوودجەی ئاوەدان كرانەوەی ئەم شارە گرتووە.