نوێنەری خەڵكی ئیلام، ئیوان، چەرداوڵ، مێهران، مەلەكشاهی و سیروان لە مەجلیس وێڕای ئاماژە بە ڕاگیرانی زۆربەی پرۆژەكانی لێدانی بەنداو لە ئیلام، گوتی: ئاوێكی زۆر بەهۆی نەبوونی بەنداو بە فیڕۆ چووە.
سەلام ئەمینی ئاماژەی بە ئەندامهتیی خۆی لە كۆمیسیۆنی وزەدا كرد و گوتی: بە كردەوە پرۆژەی ئەم بەنداوانەی كە بڕیار بوو لە سەر چۆمی باشوور هەڵبەسترێن، یان بە یەكجاری لە كار وەستاون یا ئەوەی كە بە نیوەچڵی بەجێیان هێشتوون. ئهو دهڵێ ماوەی ٣٠ ساڵە پرۆژەكانی “جزمان”، “سیكان” و “چنارە” هەر لە چوارچێوەی قسەدا ماونەتەوە و تا ئێستاش هیچیان بۆ نەكراوە.
ئەمینی لە بەشێك لە قسەكانی خۆیدا ئاماژەی بە وە كرد كە عەمهلیاتی جێبەجێ كرانی بەنداوەكانی “میمە”، “گاوی” و “گدار خۆش” بە كردەوە وەستاون و جێبەجێ كرانی ٢ پرۆژەی دیكەش هەر لە چوارچێوەی قسەدا ماونەتەوە. ناوبراو پێداگری كردەوە كە، كاتێك ئەم پرۆژانە جێبەجێ نەكرێن و پاشەكەوتی ئاو بە فیڕۆ بچێ، چۆن دەتوانن كار و شوغڵ بۆ لاوەكان دابین بكەن.
ئەمینی لە درێژەدا گوتی: ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا بەرنامە بۆ ئەم پرۆژانە داندرابا و كاری بەنداوە نیوەچڵەكانیان تەواو كردبا، ئێستا 2 میلیارد میتری موكەعەب ئاو پاشەكەوت دەكرا، بەڵام ئێستا تەنیا ١ میلیارد میتری موكەعەب ئاو پاشەكەوت كراوە، ئەوەش بەم مانایەیە كە نیوەی سەرچاوەی ئاو بە فیڕۆ چووە.