ڕێڕەوانی ئایینی یاری لە سێهەمین ساڵوەگەڕی خۆسووتاندانی حەسەن ڕەزەوی یەكێك لە ڕێڕەوانی ئەم ئایینەدا، لە شاری هەمەدان و لەسەر گڵكۆی ناوبراو ڕێوڕەسمێكیان بەڕێوە برد.
ڕێوڕەسمی سێهەمین ساڵوەگەڕی خۆسووتاندانی حەسەن ڕەزوی، كە بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین لە هەمبەر سیاسەتی پڕ لە هەڵاواردنی كاربەدەستانی ڕێژیم بە نیسبەت باوەڕمەندانی ئەم ئایینە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، لە ئاوایی خوسرەوئاوای هەمەدان، بە بەشداریی حەشیمەتێكی یەكجار زۆر لە ڕێڕەوانی ئایینی یاری، وەك چالاكانی مەدەنیی یارسان لەسەر گڵكۆی ئەو بەڕێوەچوو.
لەم ڕێوڕەسمەدا بەرنامەی جۆربەجۆری وەك خوێندنەوەی شێعر، مووسیقی و وتاردان پێشكێشی ئامادەبووان كرا.
جێی وەبیر هێنانەوەیە كە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، بەدوای سووكایەتی كردن بە زیندانییانی یارسانی لە بەندیخانەی هەمەداندا، ٢ كەس لە ڕێڕەوانی ئایینی یاری بە ناوەكانی “حەسەن ڕەزەوی” و “نیكمەرد تاهیری” دوابەدوای یەك لە ڕۆژەكانی ١٤ و ١٥ی جۆزەردانی هەمان ساڵ، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەم سووكایەتی و بێحورمەتییەی كاربەدەستانی ڕێژیم، لە بەردەم پارێزگاریی ئەم شارەدا ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا.
شایانی باسە، یارسانییەكان پێشتریش بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێك لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای كرماشان، بە هەڵگرتنی چەندین پلاكارد بەرەو گڵكۆی “نیكمەرد تاهیری” كەوتنە ڕێ و، داوای بە ڕەسمی ناسینی ئایینی یاری لە قانوونی بنەڕەتیدا و چاكسازیی قانوونیان كرد.
هەروەها كۆڕی ڕاوێژكاریی چالاكانی مەدەنیی یارسانیش لە سێهەمین ساڵوەگەڕی خۆسووتاندنی ئەم یارسانییە ناڕازییانەدا، بە ناردنەوەی دووبارەی نامەی ١٤ مانگ لەمەوبەر بە ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیاری دەستێوەردانی ئەم ناوەندە و ڕاگرتنی فەرق و جیاوازی دانان و هەڵاواردن بە نیسبەت ڕێڕەوانی ئەم ئایینە بوون.