حەسەن ڕۆحانی، سەركۆماری ئێران دەڵێ هێندێك کهسو لایهن لە ئێران نەیاندەزانی گەمارۆكانی دژی ئێران وەك “تا”یەك وابوو كە لە ئاكامدا وڵاتی تووشی نەخۆشییهکی قورس کرد.
حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی یەكشەممە كە لە ڕێوڕەسمی حەوتووی ژینگەدا قسەی دەكرد گەمارۆكانی بە نەخۆشییهکی قورس شوبهاند كە لە تایەكی چووكەوە دەستیان پێ کردوه بههۆی ئهوهی چارەسەری نهکراون، نەخۆشەكەیان لە جێدا خستوه.
ڕۆحانی ئیدیعای كردووە كە ئەگەر گەمارۆكان هەڵوەشێنەوە گیروگرفتەكانی وەك ژینگەپارێزی، كاروكاسبی، پیشەسازی و بێكاریی خەڵك چارەسەر دەكرێن، ئەمە لە حاڵێك دایە كە ئەم گیروگرفتانە پێش گەمارۆكانیش بەرۆكی خەڵكی ئێرانی گرتبوو.
ههروهها ناوبراو لە حاڵێكدا ئەم قسانەی دەكرد كە نوێنەرانی ئێرانو وڵاتانی ئەندامی گرووپی ٥+١ لە حاڵی وتووێژدانو یەكێك لەم بابەتانەی كە لەسەری ڕێك نەكەوتوون شێوەی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكانن.
دەركرانی بڕیارنامەی شورای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان دژی بەرنامەی ناوكیی ئێرانو بارودۆخی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان، لە سەردەمی سەرۆكایەتیی یەكەمی ئەحمەدی نژادەوە دەستی پێكردووە، بەڵام سەركۆماری ئەو كات ئەم بڕیارنامەیەی بە شڕه لاپەڕە” ناو برد.
دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد هەروەها ڕایگەیاند كە پێشوازی لە بارودۆخی گەمارۆكان دەكا، لەبەر ئەوەی كە دەبێته هۆی ئهوهی پشت بە ئابووریی نێوخۆ ببەسترێ، ئەمە لە حاڵێكدایە كە بە بڕوای ڕۆحانی، سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد هاوكات لەگەڵ گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان گیروگرفتی ئابووریی ئێرانی قوڵتر كردەوە.
شایانی باسە كە لە كۆتایی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد، ئاوسان لە ئێران نزیك بە سەدی ٤٠ و گەشەی ئابووری نزیك خوار سەدی 6 بوو. زۆربەی ئابووریناسان فشاری گەمارۆكان هاوكات لەگەڵ كردەوەكانی ئابووریی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد بووە هۆی وەستانی ئابووریی توندی ئێران.